وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: بەپەسەندکردنى ڕێنماییەکانى ماستەر و دکتۆرا لەمەودوا لەڕێگەی پلانەکانی خوێندنەوە دەرفەتی زیاتری خوێندنی باڵا بۆ دەرچوانی زانکۆکانمان لە ناوخۆى هەرێمى کوردستان دەڕەخسێنین، بۆ ئەوەی دەرچوانیش بتوانن کاتەکانتان بۆ گەشەپێدانی توانای زانستی و ئەکادیمییەکانیان لەناوخۆى هەرێم بەکاربهێنن.
ئێوارەى ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتى (٦/١٠/٢٠١٩) ئەنجومەنى وەزارەت بەسەرۆکایەتى د. ئارام محمد قادر سەرۆکى ئەنجومەن و ئامادەبونى سەرۆکی زانکۆ حکومییەکان کۆبونەوەى تەواوکارى ژمارە (٥) ساڵى ٢٠١٩ى لەشارى سلێمانى ئەنجامدا و، چەند تەوەرو بابەتێکى پەیوەست بە پێشخستنى ڕەوشى خوێندنى باڵاى کوردستان بڕیاریان لێوەدرا. لە گرنگترین بڕیارەکانى ئەنجومەنى وەزارەت:
کۆنوسى لێژنەى سێنتەرەکانى زمان پەسەندکرا:
سەبارەت بە پەسەندکردنى کۆنوسى لێژنەى سەرپەرشتیکردنى سێنتەرەکانى زمان بەمەبەستى پێداچونەوە بە مەرج و ڕێنماییەکانى زمانى ئینگلیزى لە کاروبارى زانستى و خوێندنى باڵا و سەرپەرشتیكردنی کاروبارى سێنتەرەکان، ئاماژە بۆ ئەوە کرا کۆنوسەکان لەبەرژەوەندى خوێندکاران و هەمو ئەو کاندیدانەیە کە سەرقاڵى ئەم پرۆسەیەن، بۆ ئەمەش د. محمد حوسێن سەرۆکى لێژنەى پێداچونەوە بە ڕێنمایەکانى زمانى ئینگلیزى ئاماژەى پرۆگرامەکانى خوێندن و تاقیکردنەوەى دیاریکردنى ئاست و خولى ڕاهێنان و ئەنجامدانى تاقیکردنەوەى کۆتایى و هەڵسەنگاندنى کۆتایى خولەکان و تاقیکردنەوەى کۆتایى و دانانى پرسیار و لێژنەى تاقیکردنەوەکان و لێژنەى راستاندن و گازاندە و کاتى ئەنجامدانى تاقیکردنەوەکانى کۆتایى کرد و بۆ ئەندامانى ئەنجومەنى وەزارەتى خستەڕو.
ڕێنماییەکانى کردنەوەى خوێندنى ماستەرو دکتۆرا پەسەندکرا:
لەبارەى کردنەوەى خوێندنى باڵا/ ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، دواى ڕاگۆڕینەوەى ئەندامانى ئەنجومەنى وەزارەت و گفتوگۆکردن لەسەر یەکە بە یەکەى بڕگەو مادەکانى پەیوەست بە پوختەى ڕێنماییەکانى ماستەر و دکتۆرا لەوانە (مهرجی تێكرای نمره (معدل)، مهرجی توانستی زمانی ئینگلیزی، مهرجی تاقیكردنهوهی توانستی زانستی، مهرجی تهمهن، مهرج و پێداویستی كردنهوهی ماستهر و دکتۆرا له زانكۆكان، پێشكهشكاری دهرهوهی شارهكانی ههرێمی كوردستان و دهرهوهی عێراق، پێداویستیه زانستیهكانی خوێندن، پلان و ژمارهی كورسیهكان … هتد ) تاوتوێکران، دواتریش ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕێنماییەکانى ماستەر و دکتۆراى پەسەندکرد.
بۆ پەسەندکردنى ڕێنماییەکانیش د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لەمەودوا و لەڕێگەی پلانەکانی خوێندنی ماستەر و دکتۆراوە دەتوانین دەرفەتی زیاتری خوێندنی باڵا بۆ دەرچوانی زانکۆکانمان لە ناوخۆى هەرێمى کوردستان بڕەخسێنین بۆ ئەوەی بتوانن کاتەکانتان بەکار بهێنن بۆ گەشەپێدانی توانای زانستی و ئەکادیمییان.
وابڕیارە لەداهاتویەکى نزیکداو دواى پوختکردنى ڕێنماییەکان بەو گۆڕانکارییانەى لە کۆبونەوەکەدا بڕیارى لێدرا، ڕێنماییەکان بڵاوبكرێتهوه بۆ ئەوەى خوازیاران بتوانن ئاشنای تەواوى ڕێنماییەکان بن و خۆیان بۆ خوێندنى ماستەر و دکتۆرا ئامادەبکەن.
ئەنجامى وەرگرتنى خوێندکارانى دوانزەى ئامادەیى پەسەندکرا:
لە بەشێکى دیکەى کۆبونهوەکەدا ئەنجامى وەرگرتنى خوێندکاران/ قوتابیانى قۆناخى دوانزەى ئامادەیى لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى نوێى خوێندنى (٢٠١٩-٢٠٢٠) پەسەندکرا. واش بڕیارە لە داهاتویەکى نزیکدا ئەنجامى وەرگرتن ڕابگەیەنرێت.