لەم دواییانەدا كۆمپانیایەكی ناوداری بەریتانی لەبواری پەروەردە، پۆلێنبەندییەكی نوێی بۆ باشترین زانكۆكانی جیهان بڵاوكردەوە، كە تییدا زانكۆ ئەمەریكی و رۆژئاواییەكان لەپێشەنگی ڕیزبەندییەكەدا بوون .
بەگوێرەی پۆلێنی كۆمپانیای “QS” ، پەیمانگای تەكنیكی ماساشوستس لەوڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا وەك باشترین دامەزراوەی زانكۆیی لە جیهاندا دەستنیشان كراوە ، دوای ئەو زانكۆی ستانفۆرد لەپلەی دووەمدا دێت و زانكۆی هارڤارد پلەی سێیەمی گرتووە ، ئەمەش بەمانای ئەوە دێت، كە زانكۆ ئەمەریكییەكان سێ پلە یەكەمەكەی پێشەوەیان گرتووە .
هەرچی زانكۆی ئۆكسفۆردی بەریتانییە ئەوە پلەی چوارەمی ریزبەندییەكەی گرتووە و پەیمانگای تەكنیكی كالیفۆڕنیاش لە پلەی پێنجەمدا دێت ، پەیمانگای تەكنەلۆژیای سویسریش لە پلەی شەشەمدایە .
پلەی حەوتەمی ریزبەندی باشترین زانكۆكانی جیهان بۆ زانكۆی كامبریجی بەریتانییە ، هەشتەمیش بۆ كۆلێژی زانكۆیی لەندەنە و پلەی نۆیەمیش زانكۆی “ئیمپریال كۆلیدج”ی بەریتانی گرتوویەتی ، هەروەك زانكۆی شیكاگۆی ئەمەریكیش لەپلەی دەیەمینی باشترین زانكۆكانی جیهان جێی خۆی گرتووە .
لەسەر ئاستی جیهانی عەرەبیش، زانكۆی مەلیك عەبدول عەزیز لە سعودییە لە پلەی ١٨٦ی جیهانی یەكەمی باشترین زانكۆكانی جیهانی عەرەبیدایە ، پلەی دوومیش زانكۆی مەلیك فەهد بۆ پەترۆڵ و كانزاكان، كە لە پلەی ٢٠٠ جیهانیدایە ، هەرچی زانكۆی ئەمەریكییە لەبەیرووت پلەی سێیەمی عەرەبی و ٢٤٤ی جیهانی گرتووە.
لەكاتی پۆلێنكردنی نزیكەی هەزار زانكۆی جیهانیدا، پشت بە داتایەكی گەورە و گران بەستراوە ، ئەو بەڵگەنامانەی كاریان لەسەر كراوە ١١،٨ ملیۆن كاغەزی لێكۆڵینەوەیی ، سەرباری وتەوەرگرتنی ٤٤ هەزار بەرپرسی بەكارخستن و ئاستی دۆزینەوەی كار لەلایەن دەرچووانەوە ، ئەو لێكۆڵینەوانەی لە زانكۆكە كراون و ئاستی كاریگەرییان ، ئەوە سەرباری ئەوە هەڵسەنگاندنی ئەو تیمەی لە زانكۆكەدا وانە دەڵێنەوە .